هێزەكانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو نەخشە سەربازیەی دانراوە بەرەو پێشەوە دەچن

پیرحەلان-KDP.info-فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە پیرحەلان دەڵێت، ورەی هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بەرزە و، هێزەكانی پێشمەرگە بە پێی نەخشەی سەربازی شەڕ دەكەن؛ هۆكارێکی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستاندا ئەوەیە بە هەڕەمەكی شەڕ ناكەن و بە گوێرەی ئەو نەخشە سەربازیەی دانراوە بەرەو پێشەوە دەچن.
(لیوا مووسا گەردی) فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پێشمەرگە هێزێكە لە ناوچەكە هەموو لایەنەكان چاویان لەسەرە، هێزی پێشمەرگە لە نەخشە سەربازییەكاندا لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە و هەر ناوچەیەك رووی تێ بكات، لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ناوچەیە لە تیرۆریستان پاك دەكاتەوە.
ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد، پێشمەرگە سنوورێكی یەكجار فراوانی لە داعش پاك كردووەتەوە، ئەو پێشڕەویەش بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی ئامانجی خۆمان دەهێنینە دی؛ خۆی كۆمەڵێك شوێن هەن پێشمەرگە بە ئاسانی دەتوانێت ئازادیان بكات، بەڵام پلانی سەربازی خۆمان هەیە و، بە پێی قۆناغ دەچینە پێشەوە".
(لیوا مووسا گەردی) ئاشكراشی كرد، ورەی داعش رووخاوە و لە سەرجەم میحوەرەكاندا بەرەو نەمان دەچن، ئەوەیش ئاماژەیەكە كە لەناوچوونی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەیە و، زۆری نەماوە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بە تەواوەتی لەناو بچێ".
ڕابین شێروانی




