٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، (سەرۆک بارزانی) سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی كرد و لە کۆبوونەوەکەیشدا بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوو كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان بەدیهاتووە و پێویستیشە بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەم دەستكەوتانە بپارێزرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین  (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی كرد.
لە سەرەتای ئەم كۆبوونەوەیەدا كە (كۆسرەت ڕەسوول عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و (فازل میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی هەردوو لا ئامادەی بوون، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە خولەكێك ڕاوەستان و بێدەنگی و خوێندنەوەی سوورەتی فاتیحە لە ساڵیادی دەستپێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفالدا یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و كۆبوونەوەكە قوربانیدان و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە سڵاو و دروودی خۆیان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە و خانەوادە سەرەبەرزەكانیان نارد.
لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوێ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان بەدیهاتووە و پێویستیشە بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەم دەستكەوتانە بپارێزرێن. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە میكانیزمی پەیوەندییەكانی هەردوو حزب نوێ بكرێنەوە و ڕێكبخرێن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییاتەی ئێستا هەیە و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان پەیوەندییەكان باشتر بكرێن و ئەوەیش خرایە ڕوو كە ناكرێ گوتاری ڕاگەیاندنەكان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێ بەرەو هێوربوونەوە بڕوات. 

هەواڵی پەیوەندیدار