ئەشواق جاف: داوامان لە حكوومەت كرد پەلە لە ناردنی پڕۆژەیاسای سندووقی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جینۆساید بكەن

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی ئەنفالەوە، لە پەرلەمانی عێراق چەند داواكارییەكیان ئاڕاستەی حكوومەتی عێراق كردووە، لەوانە دروستكردنی پەیكەرێك بۆ ئەنفالكراوەكان لە بەغدا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی ٢٧ـەین ساڵیادی ئەنفالەوە، بەیاننامەیەكمان بڵاو كردەوە و تێیدا دوو داوا كاریمان هەبوو، داوامان لە حكوومەت كرد پەلە لە ناردنی پڕۆژەیاسای سندووقی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جینۆساید بكەن، چونكە لە خولی رابردوودا بۆ حكوومەتمان ناردبوو، داوامان كرد بۆ ئێمەی رەوانە بكاتەوە، لەبەر ئەوەی (مالیكی) لە خولی رابردوودا سكاڵای تۆمار كردبوو و، بۆ ئێمە نەبوو پڕۆژەیاسا پێشكەش بكەین تەنیا حكوومەت نەبێت".
(جاف) گوتیشی، داواكاریی دووەم ئەوە بوو كە عێراق ببێتە ئەندام لە رۆما بۆ ئەوەی ئەوانەی تاوانی جینۆساید یاخود کرداری دژەمرۆڤایەتییان ئەنجام داوە، دادگایی بكرێن.
گوتیشی، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و یەكێك لە داواكارییەكانیان ئەوە بوو كە پەیكەرێك لەناو بەغدا بۆ ئەنفالكراوەكان دروست بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




