سەروشوێنی ژمارەیەک لە 150 ئەنفالكراوە هەڵەبجەییەکە دۆزرایەوە

هەڵەبجە-KDP.info- لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەسەر دەستی ڕژێمی لەناوچوی بەعس زیاتر لە 150هاووڵاتیی بێتاوان ئەنفال كراون؛ هەڵەبجەییەكان سبەینێ یادی قوربانیانی ئەنفال دەكەنەوە و شوێنی ژمارەیەک لە ئەنفالکراوەکانیش دۆزراوەتەوە.
(لوقمان عەبدولقادر) سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردوستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی لە هەڵەبجە بە هۆی كیمیابارانەوە زیاتر لە پێنجهەزار هاووڵاتی بێتاوان شەهید بوون؛ بێجگە لەوە شەهیدانە، 150 هاووڵاتیی بێتاوانیش ئەنفال كران كە هەندێکیان ژن و منداڵن."
گوتیشی شوێنی ڕوفاتی ژمارەیەكی زۆری ئەو ئەنفالكراوانەی هەڵەبجە دەكەوێتە بەندینخانەی نوگرەسەلمان، بەڵام هێشتا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە لە كوێ ئەنفالكراون بۆیە ساڵانە بە بۆنەی یادی قوربانیانی ئەنفالەوە لە پارێزگای هەڵەبجەش بە چەند چالاكییەك ئەو یادە بەرز ڕادەگرن.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی لەوەش كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ئاسوودەیی دڵی كەسوكاری قوربانییەكان ڕوفاتەكانیان بگەڕێنێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام تا شەڕی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی نەبڕێتەوە، جارێ زەحمەتە کارەکە سەر بگرێت.
ئاسۆ عەلی




