٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش گوندی نەمروودی خاپوور کرد.. 151 تەرمیشیان بۆ گەڕایەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش دوای شوێنەواری نەمروود، گوندی مێژوویی نەمروودیشیان خاپوور کرد و هەر ئەمڕۆیش 151 تەرمی دیكەیان بۆ گەڕاوەتەوە كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكان كوژراون.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش گوندی مێژوویی نەمروودیان لە مووسڵ خاپوور کرد كە بەر لە مانگێك شوێنەواری نەمروودیشیان تەقاندەوە.

(مەموزینی) گوتیشی، تیرۆریستانی داعش هەڵمەتێكیان دەست پێ كردووە بۆ دەستگیركردنی ئەفسەر و سەربازانی پێشووی سوپای عێراق و داوایان كردووە ئەگەر خۆیان رادەست نەكەن وەكو ناپاك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و تاوەكو ئێستایش ژماریەكی زۆریان دەستگیر كردوون و تەنیا لە تەلەعفەر ئەمڕۆ ٥٢ سەربازیان دەستگیر كردوون.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردە دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 151 تەرمیان بۆ گەڕاوەتەوە كە هەموویان ئەوانە بوون لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە بەرەكانی جەنگ لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراون.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار