مینا سامی: دانوستان نەبڕاوەتەوە

سلێمانی-KDP.info-ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ئەگەر پۆستێکی سەرەکی بە پارتیی دیموکراتی کوردستان نەدرێت بەشداری لە حکوومەتی خۆجێییدا ناکەین، بۆ ئەمەش پارتی خۆی یەکلا کردووەتەوە.
(مینا سامی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "تا ئێستا دانوستان پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەگەیشتوونەتە بنبەست و، بەردەوامە، بەڵام ئێمە داوامان کردووە لە ھەڵەبجە پۆستێکی سیادیمان پێ بدرێت و، ئەوانیش هێشتا وڵامیان نەداوینەتەوە و، نەیشیانگوتووە کە نایدەن."
(مینا سامی) گوتیشی، ئێمە پێشتر دەنگمان بە کاندیدی لایەنەکانی دیکە داوە و، ھەر لایەنێکی دیکەش کارنامە (سیڤی)ـی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن و، بزانین شایستەن، دەنگی پێ دەدەین، بۆیە ئێمە ڕێگر نین لە دابەشکردنی پۆستەکاندا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی گوت، ئەو لایەنانەی باس لە حکوومەتی بنکەفراوان دەکەن پێویستە ئەو قورسایە ھەڵیانگرتووە، بتوانن جێبەجێی بکەن، نەک تەنها دروشم بێت.
(سامی) ڕایشیگەیاند، پارتیی دیموکراتی کوردستان خۆی یەکلایی کردووەتەوە ئەگەر پرستێکی سیادیمان لە ھەڵەبجە پێ نەدرێت بەشداری ناکەین، چونکە بەشداریکردنی کارتۆنیمان قبووڵ نییە.
بڵند ئیبراھیم




