نازم هەرکی: جارێ هیچ باسێک نەکراوە پەرژینی ئێمە هەڵبگیرێت

هەولێر-KDP.info- (نازم هەرکی) دەڵێ، دەشێ دادگا داوا بکات پەرژین (حەسانە)ی هەرسێ پەرلەمانتارەکە هەڵبگیرێت، نەک تەنها دوو پەرلەمانتار، چونکە ئێمەش سکاڵامان لەسەر ئەو تۆمار کردووە.
(نازم هەرکی) ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە دادگا داوا بکات پەرژینی هەرسێ پەرلەمانتارەکەی لە شەڕەکەدا بوونە، هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی لێیان بکۆڵنەوە، نەک هەر دوو پەرلەمانتار، چونکە (عەلی حەمە ساڵح) پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، سکاڵای لە سەر ئێمە تۆمار کردووە و، ئێمەش سکاڵامان لە سەری تۆمار کردووە، جا ئەگەر داوای هەڵگرتنی حەسانە دەکرێت، دەبێ بۆ هەر سێ پەرلەمانتارەکە بێ نەک دوو پەرلەمانتار."
(نازم هەرکی) گوتیشی، جارێ هیچ باسێک نەکراوە پەرژینی ئێمە هەڵبگیرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان خۆی بڕیاری لەسەر دەدات.
ڕوونیشی کردەوە، یاسا سەروەرە و، دادگا هەر بڕیارێک بدات ئێمە پێملی دەبین.
بڵند ئیبراهیم




