زێدەڕۆیی قەدەغە دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو زەویوزارانەی خەڵك دایانبڕیوە بۆ خۆیان و، خانوویان تێدا کردووە، لیژنەیەک پێک هاتووە و، دابڕدابڕ (زێدەرۆی) ناهێڵن.
(حسێن حەمەكەریم) بەرێوەبەری گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەلیژنەیەك لە وەزیرانی ناوخۆ، كشتوكاڵ، شارەوانی، پێشمەرگە و نوێنەری سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری و ئەنجوومەنی شوورا، پێك هێنراوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو زەویوزارانەی خەڵك دایانبڕیوە و، کردوویانەتە خانوو."
(حسێن حەمەكەریم) گوتیشی: خەڵک زەویوزاری زۆریان دابڕیوە؛ چەند جارێك ئەم پرسەمان لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی باڵای ئابووری جووڵاندووە و ئەم لیژنەیەش ئەركی ئەوەیە دابڕدابڕ نەهێڵێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دارستان و پاوان ڕوونی كردەوە ئەوەی زەویوزاری دابڕیبێت یان نیازێکی وای هەبێت، با هەر کەسێکیش بێ، شکاتی لێ دەکەین و، دەیدەینە دادگا.
یەحیا سابیر




