٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شاخەوان عەبدوڵڵا: نوجێفی بۆی نییە بە ناوی هەرێمەوە قسە بكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، (ئەسیل نوجێفی) نوێنەرایەتیی كورد ناكات تا ئەوەی باس لە بڕیارەكانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بكات، ئاخر مافی ئەوەی نییە لەبری هەرێمی كوردستان قسە بكات.

پارێزگاری نەینەوا (ئەسیل نوجێفی) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕزگاركردنی مووسڵ، هەرێمی ‌كوردستان هیچ مەرجێكی ‌نییە، چونكە مانەوەی داعش لە مووسڵ بۆ سەر ئارامیی هەرێمی كوردستان هەڕەشەیە.

پێوەست بەم گوتانەی (نوجێفی)، بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "(ئەسیل نوجێفی) مافی نییە لە جێگای هەرێمی كوردستان قسە بكات و لە رووی سیاسییشەوە تەمسیلی كورد ناكات بۆ ئەوەی باس لە بڕیارەكانی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكات، بۆیە قسەكانی (نوجێفی) رەت دەكەینەوە".

(شاخەوان) گوتیشی: "ئەو لیژنە هاوباشە سەربازییەی لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شەڕی مووسڵ دروست كراوە، بۆ ئەوەیە داواكاریی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێت و، لەسەر چۆنیەتیی شەڕەكە قسە بكەن، ئینجا هەرێمی كوردستان بڕیار لەسەر بەشداریكردنی لە شەڕی مووسڵدا دەدات".

دەشڵێت: "لیژنە سەربازییەكەی نێوان هەرێم و بەغدا كە بۆ شەڕی مووسڵ دروست كراوە، دەستی بە كارەكانی كردووە، وای نابینم كە كارەكانیان دوا بكەوێت، چونكە ئەو كاتەی بۆ ئازادكردنی مووسڵ دیاری كراوە، زۆری نەماوە".
پێوەست بە كاری لیژنەكەیش (شاخەوان عەبدوڵڵا) ڕوونی كردەوە كە "كاری لیژنەكە ئەوەیە، دیاری بكات، چەندە هێزی پێشمەرگە و چەندەیش سوپا و حەشدی‌شەعبی بەشداری لە شەڕی مووسڵدا دەكەن و پێداویستیی سەربازی بۆ ئەم شەڕە دیاری دەكەن، هەروەها دەستنیشانی رۆڵی هێزی پیشمەرگەیش دەكەن كە لە چەند میحوەرەوە بەشداریی شەڕەكە دەكات، جگە لەوە پلانە سەربازییەكانیش تاوتوو دەكرێن".

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار