سه‌رحه‌د قادر: چەند گومانلێکراوێکمان گرتوون.. گەڕان بە دوای تیرۆریستان‌دا درێژەی دەبێ

كه‌ركووك-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌رى قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك ده‌ڵێت، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى مانگى ڕابردوو بۆ باشوورى و ڕۆژئاواى كه‌ركووك كاریگه‌رى زۆرى هه‌بووه له‌سه‌ر ئارامى شاره‌كه و، له ئێستادا تیمێكى سه‌ربازى به هاوكاریى پۆلیسى قه‌زا و ناحیه‌كانى شارى كه‌ركووك، له ناوشار و ده‌ره‌وه‌ى شار ده‌ستیان كردووه به راكێشانى ڕه‌گى تیرۆر له شاره‌كه.
عه‌مید (سه‌رحه‌د قادر) به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى راگه‌یاند: "چه‌ند ڕۆژێكه هه‌ڵمه‌تێكى فراوان بۆ ده‌رهێنانى ڕه‌گ و ڕیشه‌ى تیرۆر له شارى كه‌ركووك ده‌ستى پێكردووه؛ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به هاوكاریى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و پۆلیسى قه‌زا و ناحیه‌كانى شارى كه‌ركووكه و له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوویشدا چه‌ندین گومان‌لێكراو ده‌ستگیر كراون، كه به‌شێكیان به‌ڵگه‌ى به‌هێزیان هه‌بووه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى خۆیان و ڕێكخراوى داعش."
زیاتر گوتی، "هه‌ڵمه‌ته‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ى به ته‌واوى ده‌ستى تیرۆر له كه‌ركووك ده‌بردرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كه كاتى ده‌وێت، چونكه ناكرێت باس له ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك بكرێت له كاتێكدا حه‌ویجه به ده‌ست داعشه‌وه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه واده‌كات شانه‌ى نووستووى داعش له كه‌ركووك له‌ناو ببرێت ".
(سه‌رحه‌د قادر) گوتیشى: "هه‌ماهه‌نگیی باش له‌نێوان پۆلیس و سوپاى عێراقدا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى داعش ببینه‌وه له كه‌ركووك و، كۆبوونه‌ى سه‌ربازییش له ئاستى باڵادا به‌رده‌وامى ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه به‌رده‌وام بێت."
كارزان سه‌باح هه‌ورامى




