٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یۆنامی: ئەزموونی كوردستان مۆدێلێكە مایەی شانازییە لە ناوچەكە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  نوێنەری كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی)، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگیكردن و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم لە بواری مافی مرۆڤ و، گوتیشی، ئەزموونی كوردستان مۆدێلێكە كە مایەی شانازییە لە ناوچەكە بۆ پتەوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی، ئەمەش جێگای خۆشحاڵیی هەموو لایەكە.

لە میانەی سەردانێكیدا بۆ لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، (فرانسیسكۆ مۆتا) نوێنەری كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سوپاس و پێزانینی یۆنامی دەربڕی بۆ ئەو هاوكاری و ئاسانكارییانەی حكوومەتی هەرێم بۆ كارەكانی یونامی ئەنجامی دەدات لە هەرێمی كوردستان و، ستایشی رۆڵی حكوومەتی هەرێمیشی كرد بۆ ئەو هەنگاوەنەی كە دەینێت لە پێناو زیاتر پێشخستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا.

لەلایەن خۆشییەوە (د. دیندار زێباری) ئامادەیی نیشان دا بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یۆنامی و رێكخراوەكانی دیكەی تایبەت بە مافی مرۆڤ و، رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە گرینگ و سەرەكی وەسف كرد كە پێویستە لە یارمەتیدانی ئاوارەكان و قەربوو كردنەوەیان و لەم بارەیەوە گوتی: "پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵی جیددی بدات بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی لە چەند كەیسێكی گرینگ بە لای حكوومەتی هەرێمەوە، وەكو كەیسی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان و ئاوارەكان و كەمایەتییە ئیتنی و ئایینیەكانی ناوچەكە، چونكە بەرەوپێشبردنی ئەم كەیسانە زۆر گرینگە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و هێنانەدی دادپەروەری."


(فرانسیسكۆ مۆتا) نوێنەری كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ هەماهەنگی و كاركردنی لێژنەی باڵای بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دا و، ئاماژەی بە چەند خاڵێكی گرینگ دا كە پێویستە حكوومەتی هەرێم بایەخیان پێ بدات و بە پێشینەی كارەكانی بزانێت لە بواری مافی مرۆڤ، لەوانە پاراستنی مافی ژن و منداڵ و كەمایەتییە ئایینی و ئیتنییەكان و پیادەكردنی دادپەروەری.
(فرانسیسكۆ) هاوکات ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و خۆراگریی كورد لە جەنگی دژی داعش  و گوتی: "ئەزموونی كوردستان مۆدێلێكە كە مایەی شانازییە لە ناوچەكە بۆ پتەوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ئەمەش جێگای خۆشحاڵیی هەموو لایەكە."

هەواڵی پەیوەندیدار