دووشەمەی دادێ پەرلەمان دەستوور تاوتوو دەکات

هەولێر-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ بێتەوە و گرینگرترین خاڵی کۆبوونەوەیش گفتوگۆ دەبێ لەبارەی پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بۆ ڕاپرسی، کە چاوەڕوان دەکرێت پەسەند بکرێت.
(ڤەمان سەلیم) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و کۆبوونەوەکە لە دوو خاڵ پێک دێت، یەکەم گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ـ عێراق بۆ ڕاپرسی، بەپێی ماددەکانی (٧٢، ٧٤ و ٧٥) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.
دووەم: گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی مافەکانی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایین و تیرە ئایینیەکان لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق، بەپێی ماددەکانی (٧٢، ٧٤ و ٧٥) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.
(ڤەمان سەلیم) ڕایشیگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەم جارەدا زیاتر جەخت لە پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی دەستوور دەکرێتە و کە لە چەند مادەیەک پێک دێت و، چاوەڕوان دەکرێت پەسند بکرێت، چونکە ھیچ کێشەیەکی وای لەسەر نییە و، پەرلەمانیش ناچێتە نێو ناوەڕۆکی دەستوور، بەڵکو بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە زیاتر ئەوەیە کە لیژنەیەکی ٢١ کەسی پێک دێت و، وادەیەک بۆ ڕاپرسی لەسەر دەستوور دادەنرێت و، دوای پێکهاتنی لیژنەکە کار بۆ ئامادەکردنی دەستوور دەکرێت.
ھەروەھا گوتیشی، ئەو لیژنەیە جگە لە پەرلەمان خەڵکانی دەرەوەی پەرلەمانیشی تێدا دەبێت و پێکهاتە جیاجیاکانش لەبەرچاو دەگیرێن.
بڵند ئیبراھیم




