مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی داد زیاد دەبێت

هەولێر-KDP.info-پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا دەڵێ، مووچەی كارمەندانی چەند فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی داد 100 هەتا 200هەزار دینارێک زیاد دەبێت.
(زانا ڕۆستایی) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مووچەی كارمەندانی چەند فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی داد 100 هەتا 200هەزار دینارێک زیاد دەکرێت."
(زانا رۆستایی) گوتیشی: 200هەزار دینار مووچەی جێبەجێكاری داد، دادنووس، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرە و، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری ناكامەكان، زیاد دەکرێت. باقیی فەرمانبەرانی وەزارەتی دادیش هەرهەموویان سەدهەزار سەرمووچەیان پێ دەدرێت."
دەڵێ خۆی ئەو زیادبوونی مووچەیە لە یاسای "ڕسووم عەدلیە" هاتووە كە ڕۆژی 6ـی نیسان لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا، گوتیشی: ئەو یاسایە و زیادبوونی مووچەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام دەبێت پەرلەمانی كوردستانیش یاساكە پەسند بكات.
یەحیا سابیر




