٢١ ئەمیری داعش بەرەو رەققە هەڵاتوون و١٢٠منداڵیشیان ڕفاندووە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەكدا ٢١ئەمیری تیرۆریستانی داعش بەرەو رەققەی سووریا هەڵاتوون و، هەر ئەمڕۆیش ١٢٠منداڵیان رفاندووە و ٢١برینداری خۆیشیان گوللەباران كردووە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەكدا لە پارێزگای مووسڵ ٢١ئەمیری تیرۆریستانی داعش بەرەو رەققەی سووریا هەڵاتوون و ژمارەیەكی زۆریشیان لەلای راستی شاری مووسڵ بەرەو لای چەپی شاری مووسڵ ڕایان كردووە.
(مەموزینی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ١٢٠منداڵیان لە ناوچە جیاجیاكانی مووسڵ دەستگیر كردووە و بردوویانن بۆ ئەوەی مەشقیان پی بكەن و بۆ كاری تیرۆریستی بەكاریان بهێنن، ئەمەیش ناڕەزایەتییەكی زۆری كەسوكاری ئەو منداڵانەی لێ كەوتووەتەوە."
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش ژمارەیەكی یەكجار زۆر برینداریان هەیە و توانای چارەسەركردنیان نییە، ئەمڕۆیش ٢١برینداریان كوشتووە.
بڵند ئیبراهیم




