خۆبەخشێکی ئێزدی: جگە لە پێشمەرگە، هیچ هێزێكی دیكە لە شنگال یاسایی نییە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی خۆبەخشی ئێزدییەكان ئاماژە بەوە دەدات، جگە لە هێزی پێشمەرگە كە شەرعییەتی خەڵكی وەرگرتووە، هەر هێزێكی دیكە لە شنگال دروست بكرێت، ئاساییشی ناوچەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و یاسایی نییە.
فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە و كەسایەتیی ئێزدی (مەحما خەلیل) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەهەموو شێوەیەك بەرگری لە خاكی شنگال دەكات و، شنگال و شنگالییەكانیش بڕیار لەسەر هەر شتێك دەدەن كە پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەبێت، بۆیە ئێمە خوێنمان ڕیشتووە و قوربانیمان لەسەر ئەم خاكە داوە و ناكرێت هەر كەسێك لە شوێنی خۆیەوە بە ناوی ئێزدی و شنگالەوە هێز بۆ خۆی بكاتەوە".
(خەلیل) گوتیشی: "هەندێك بابەت بۆ شنگال و كوردستان مەترسین، بۆیە بە لای ئێمەوە هەندێك بابەت هێڵی سوورن و نابێت بە هەر ناوێك ئەمنییەتی ناوچەكە بخرێتە ژێر پرسیارەوە، لە هەمان كاتدا دەبینین هەوڵ بۆ دروستكردنی ئیدارە و كۆمەڵێك شتی دیكە هەیە، لێرەوە رایدەگەیەنین كە ئیدارەی شنگال وابەستەیە بە ئیدارەی هەرێمی كوردستان و، سەرجەم دامەرزاوەكانی شنگالیش راستەوخۆ بەشێكن لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "خوێنی كەس لە شنگال لە هیی كەسێكی دیكە سوورتر نییە تا موزایەدەمان بەسەردا بكرێت، ئەو هێزەی ئامادەیە بەرگری لە شنگال بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە".
كارزان سەباح هەورامی




