نەورۆڵی: تەقەکەرەكان مۆڵەتی چەكیان هەیە، دەبێ بزانین هیی چ دەستگایەكن

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ئاشكرای كرد، "تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٢٠جار تەقە لە بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كراوە و هەر جارێكیش دەقە دەكرێت، دەگوترێ گوایە چەكدارەكان سەرخۆشن، بۆیە ئێمە لە ئێستادا چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی دادگا دەكەین و هیچ لایەنێك تۆمەتبار ناكەین".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (فارس نەورۆڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمە چەندین جارە تەقە لە بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت و پۆلیسیش باس لەوە دەكات چەكدارەكان سەرخۆشن و لە كەركووكەوە هاتوون بۆ سلێمانی، وەك بڵێی شوێن بڕاون تەنیا تەقە لە بارەگای پارتی بكەن."
(نەورۆڵی) گوتیشی: "ئەوان باس لەوە دەكەن كە جاروبار فیشەكێك تەقێندراوە، خۆ ئەگەر یەك فیشەكیش بێت مرۆڤێك دەكوژێت، بۆیە ناكرێت بەم شێوەیە لێك بدرێتەوە."
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە ئەو كەسانەمان ڕووبەڕووی دادگا كردووەتەوە و بزانین ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، چونكە لە دوێنێوە لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دەستی پێ كردووە و چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەكانی دادگا دەكەین، چونكە كاتێك ئەوان تەقەیان كردووە، شەو بووە و چەكدارەكان مۆڵەتی چەكیان هەیە، دەبێ بزانین چەكەكان هیی چ دەستگایەكن، بۆیە پێویستە دادگا ئەمانە یەكلا بكاتەوە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەشڵێت: "تاوەكو ئێستا زیاتر لە٢٠جار لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەقە لە بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان كراوە و دەكرێت، ئێمە گومان لە هیچ لایەنێك ناكەین و چاوەڕێی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی دادگا دەكەین، چونكە دەمانەوێت یاسا ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە."
بڵند ئیبراهیم




