بە هۆی هەڵاتنیان لە شەڕ، داعش 4 فەرماندەی باڵای خۆی کوشت

بەغدا-KDP.info- تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین، بە هۆی هەڵاتنیان لە شەڕ چوار فەرماندەی باڵای خۆیان کوشت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لەبارەی ڕووداوەكەوە بە كەناڵی NDـی ڕاگەیاند، سەركردەی گرووپی داعش (ئیبراهیم سامەڕایی) كە یاریدەدەری (ئەبوبەكر بەغدادی)ـیە، فەرمانی كوشتنی فەرماندەكانیانی لە شاری شەرگات دەركردووە كە 300 كیلۆمەتر لە باكووری بەغدایە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە داعش لە 11ـی مانگی شوبات هەمان كاری بەرانبەر بیست چەكداری خۆی لە شاری تەلەعفەر ئەنجام دا، بەو پێیەی لە شەڕكردن بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە، شكستیان برد و هەڵهاتن. ئەمەیشیان لە دوای ڕۆژێك دێت كە 13 ئەندامی دیكەی خۆیان لە شەڕی شاری دەوڵەمەند بە نەوت (كەركووك) کوشت.
داعش لە مانگی شەشی پاردا، هەڵمەتێكی تیرۆریستی لە عێراقدا دەست پێ كرد و زۆر چەكی قورسی لە گرتنی مووسڵدا دەست كەوتن. ئەم گرووپە تیرۆرستە چەندەها كاری قێزەون و توندوتیژییان ئەنجام داوە، لەوانە سەربڕین بەرامبەر هەموو كەمایەتییەكانی عێراق وەك شیعە، سوننە، كورد و مەسیحی.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تایبەت و، سەربازی عێراقی، پۆلیس، خۆبەخشە شیعەكان و هۆزە سونییەكانیش، لەم دواییەدا سەركەوتووانە داعشیان لە هەندێك ناوچە وەدەر نا.
و: خەسرەو حەمەڕەشید




