٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی: قسەكردن لەسەر دەستوور و ویلایەتی سەرۆك، بۆ هەموو کەس نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بكرێت و، هەركەسە و لەخۆیەوە قسەی لەسەر نەكات. باوەڕیشی وایە كە، دەبێ راگەیاندنەكانیش رۆڵێكی بەرچاو ببینن، چونكە ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بێت، رێگری لە بەردەم سازان و لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان لەبارەی ئەو دوو پرسەوە دروست دەبێت.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فڕاكسیۆنی زەرد (فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و راگەیاندنیش رۆڵێكی زۆر كاریگەری هەیە بۆ ئەوەی یەكڕیزی و سازان و نزیكبوونەوە لەنێوان حزبەكاندا دروست ببێت، بەڵام بەم شێوازەی ئێستا كە هەر كەسێك دوو وشە لەبارەی دەستوور نەزانێت و قسەیش بكات، ئەمە دەبێتە کۆسپ لە بەردەم لێكنزیكبوونەوە و سازان لەبارەی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكەوە."

(سۆفی) گوتیشی: "ئەرکی دەستگاکانی راگەیاندنە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا بكەن و، نەبنە سەكۆیەك بۆ كەسێك گوتارێكی توند پەخش دەكات، كە دەبێتە مایەی تێكدانی یەكڕیزیی نیشتیمانی و سەرلێشێواندنی خەڵك دەربارەی پرسی دەستوور و حوكمڕانی و دەرگا قانوونییەكان بۆ چارەكردنی كێشەكان، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك قسە لەسەر هەموو بابەتێك نەكات، ئینجا پەرلەمانتار بێت یا ئەندام مەكتەب سیاسی یاخود چالاكوان و رۆژنامەنووسان بن، با هەر كەسە و لە پسپۆڕیی خۆیدا قسە بكات."

ئەو ئەندامەی فڕاكسیۆنی زەرد كە هاوكات شارەزای یاسای نێودەوڵەتییە، دەشڵێت، ئەم هۆكارانە دەبنە رێگر لە بەردەم سازان و سەرلێشواندنی خەڵك، چونكە كە بە خەڵك دەڵێی فلانە ماددەیە وایە و دواتر وایش نییە، ئەوا خەڵك سەری لێ دەشێوێت و، زۆر جاریش ئەوە ڕووی داوە بەوەی پرسیار لە میوان كراوە و ئەو ماددەیەی ئاماژەی پێ داوە، لە دەستووردا نەبووە و باسیش نەكراوە، تەنیا گوێی لێ بووە."

بڵند ئیبراهیم  
 

هەواڵی پەیوەندیدار