هەرێم، هەناردەی نەوتی بۆ 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز کردەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیادی كردووە و، بەغدایش چاوەڕوانی ئەوەیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرز ببێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی بۆ 600 هەزار بەرمیل نەوت بەرز كردووەتەوە و لە زیادكردنی هەناردەكردنیش بەردەوام دەبێت، چونكە ئەو گرفتە تەكنیكیانەی هەبوون، ئێستا نەماون".
(حاکم سەرحان) گوتیشی: "ئەم ڕێژەیە بۆ ئێستای كوردستان و عێراقیش گرینگە، چونكە بەشێكی زۆری كێڵگە نەوتییەكانی عێراق بە دەست داعشەوەن، لە هەمان كاتدا داعش توانای بەرهەمهێنانی زیاتری نەوتی نییە، ئەمەیش وادەكات كە بە ڕێژەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆشایی ئابووریی عێراق پڕ بكرێتەوە، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی نەناردنی پارەی كوردستان لەلایەن بەغداوە ئەوەیە كە، گرفتی كەمیی پارەیان هەیە، بۆیە ئەگەر ڕێژەی هەناردەی نەوتی كوردستان زیاد بكات، ئەوا كار لە ئابووریی عێراقیش دەكات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا هەناردەكردنی نەوت زیادی كردووە و دوای گەڕانەوەی بەشێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستانیش، ئەم ڕێژەیە زیاتر دەبێت".
كارزان سەباح هەورامی




