٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پێشمەرگە کلیلی دەرگا داخراوەکەی مووسڵە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-راپۆرتە جیهانییەکان بە بایەخەوە لە ئازادکردنەوەی مووسڵ دەڕوانن، بەڵام دوو کێشەی سەرەکی هەیە" یەکەم: شەڕێکی سیاسی بەر لە سەربازی کە سوننە قبوڵی نییە میلیشیای شیعە مووسڵ بگرێتەوە. دووهەمیش: ئیمکانیاتی سەربازی سوپای عێراق لەو ئاستەدا نییە بتوانێ مووسڵ ئازاد بکاتەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی و رۆژنامە جیهانییەکان پێشمەرگە بە کلیلی کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوەی عێراق دا دەنێن.


مووسڵ دەرگایەکی داخراو
لەوەتەی مووسڵ کەوتووەتە چنگی داعشەوە، رۆژمێری سیاسی لەعێراقدا وەها خەڵتانی خوێن بووە کە ئیدی کوشتن و بڕین و جۆرەها دیمەنی نامرۆڤایەتی لەلایەن تیرۆریستانی داعش دژ بە هاووڵاتیان دەکرێت و هاوکات قاتوقوڕی و گرانی بازار و چەندان کێشەی دی بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، ئەمە تێکڕا بەهۆی هەڵە ستراتیژییەکانی (مالکی) روویداون، چونکە تاکڕۆیانە دەستەڵاتی سیاسی و سەربازی بەکارهێنا و وایکرد بۆشایی سیاسی لە سیستەمی سەربازی دروست بێت و لە چاوتروکانێکدا داعش مووسڵ بگرێت.
مووسڵ ئێستا بووەتە دەرگایەکی داخراوی عێراق کە جیهان لە مووسڵ و رەققەی سوریادا لە داعش دەڕوانن کە ئەم دووشارەیەش لەلایەن تیرۆریستانەوە بەیەک هێڵ کێشراون و کراون بە سەرچاوەی کردە تیرۆریستییەکانیان.


مووسڵ ئەو شارەی کە زۆر بەئاسانی تیرۆر دەستی بەسەر داگرت ئایا وا ئاسانیشە سوپای عێراق ئازادی بکاتەوە؟ لەئێستادا لانی کەم دوو ملیۆن کەس لەنێو مووسڵدا دەژین کە داعش دەستەویەخە ناهێڵت بۆ هیچ شوێنێک جووڵە بکەن، شارێک کە لە دوای بەغدا بە دووەم گەورەترین شاری عێراق دێ و تیرۆریستان تەوقیان كردووه‌ و لەوێوە تیرۆریستان هێڵێکیان کێشاوە بۆ سووریا، وا ئاسان نابێ کە سوپای عێراق و حەشدی­ شەعبی بە ئاسانی ئەو شارە کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەگەر سوپای عێراق و حەشدی­ شەعبی بەوە دڵیان خۆشە کە توانیویانە بە ئاسانی دەست بەسەر تکریتدا بگرن، ئاخر تکریت ژمارەی دانیشتووانەکەی 300 هەزار کەسە و شوێنێکی وەها ستراتیژی نییە وەک مووسڵ و، هێزی دیکەی ناعێراقییش لەوێدا هەماهەنگییان بۆ سوپا و حەشدی­ شەعبی کرد، هەڵبەت تیرۆریستانیش بەبێ به‌رگریێكی ئه‌وتۆ ئەوشارەیان پێشوەختە چۆڵ کردبوو.


ئەگەرچی تا ئێستا سوپای عێراق 500 کەسی بۆ شەڕی کۆڵان بە کۆڵان مەشقداوە، لەگەڵ ئەوەی کە 4 هەزاریشی بۆ هێرشی پیادە ئامادە کردووە و تەوقیتی هێرشکردنە سەر مووسڵی نزیک کردووەتەوە بۆ چەند هەفتەیەکی­ دی، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کێشەیەکی سیاسی بەر لە سەربازی هەیە کە سەرکردەکانی سوننە دژی بەشداریکردنی حەشدی­ شەعبین لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا.

پێشمەرگە کلیلی دەرگای مووسڵە
پێشمەرگە کە چیرۆکی راستەقینەی تێکشکاندنی داعشە و لە 95%ی خاکی کوردستادا (ئەو شوێنەی داعش پێشووتر داگیری کردبوو) داعشی لێ وەدەرناوە، تەنێ ئەو هێزەیشە دەتوانێ باڵانسی مووسڵ رابگرێتەوە کە وەک پاڵپشتی بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ هاوکاریی سوپای عێراق بێ، ئاخر کێشەکە هەر سەربازیی نییە، ئەوەتانی سوننە و شیعە پێکەوە هاوڕان کە بەبێ پێشمەرگە ناتوانن مووسڵ بگرنەوە.


پێشمەرگە بۆیە کلیلی کردنەوەی دەرگای مووسڵە، چونکە دوو کێشەی سەرەکی بەر لە بەرپاکردنی ئۆپەڕاسیۆنێک بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ هەیە، "یەکەم: شەڕێکی سیاسی بەر لە سەربازی کە سوننە قبووڵی نییە میلیشیای شیعە مووسڵ بگرێتەوە. دووەمیش: ئیمکانیاتی سەربازی سوپای عێراق لەو ئاستەدا نییە بتوانێ مووسڵ ئازاد بکاتەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی و رۆژنامەکان پێشمەرگە بە کلیلی کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوەی عێراق دادەنێن.''


پێشمەرگە کە گشت رێگا سەرەکییەکانی لە نزیک مووسڵدا کۆنتڕۆڵ کردووە، لەسەر زەویشدا داعشی بەزاندووە و پاشەکشەی پێکردووە، بەبێ پێشمەرگە هەم لە رووی سیاسی و هەمیش لە رووی سەربازییەوە زۆر ئەستەمە سوپای عێراق بتوانێ لە گرتنەوەی مووسڵدا سەرکەوتوو بێ.


سوود لە ماڵپەڕی  economist بینراوە.
شاو کوردی

هەواڵی پەیوەندیدار