٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.كەمال كەركووكی: داعش لە حەویجەو دەوروبەریدا شپرزەبوونە و خەریكی خەندق لێدانن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-(د.كەمال كەركووكی) دەڵێ، داعشان لە حەویجە و دەوروبەریدا شپرزەییەكی زۆریان پێوەدیارە بەتایەت دوای ئەو گورزە گورچکبڕەی کە پێشمەرگە لێی وەشاندن، ئێستایش داعش خەریکی خەندەق لێدانن چونکە توانای هێرشکردنیان نەماوە.
(د.كەمال كەركووكی) بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و قەزای دووبز بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گووت، تیرۆریستانی داعش لە قەزای حەویجە و شوێنەكانی دەوروبەریدا شپرزەییەكی زۆریان پێوەدیارە بەتایبەت دوای ئەو گورزەی کە پێشمەرگە لە 9\3\2015 لە مەلا عەبدوڵڵا و خەرابەروت لێی وەشاندن و لەئاکامدا چەکدارێکی زۆریان لی کوژرا؛ لەم دوواییەشدا لە شاری تكریت داعش شكستیان هێناو رایان کرد، جا بۆیە ئێستا لە حەویجەو شوێنەكانی دەوروبەریدا داعشان زۆر لەخۆیان دەترسن و پەلەقاژەی مردنیانە.
(کەمال کەرکووکی )دەیشڵێت، داعش ئێستا  لە دووری حەویجەو رەشاد و ریاز و شوێنەكانی دی خەریکی خەندەق لێدانن، بەشێكی زۆری چەكدارەكانیشیان بەرەو مووسڵ رایان كردووە بەتایبەت بیانییەكان، لەناوەخۆشیاندا باوەریان بە یەكتر نەماوە و چەند جارێك یەكتریان کوشتووە.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و قەزای دووبز پێوەست بەرەوشی میحوەرەكەی راشیگەیاند"تیرۆریستانی داعش ئەو هێزو بڕوابەخۆبوونەوەی جاران هەیان بوو ئێستا نەماوە و چاوەڕێی گورزی گەورەتریش دەكەن كە بەریان كەوێت و لە پەلوپۆ كەوتوون، ناتوانن هێرش بهێنن و ناوچەو شار داگیر بكەن و كۆتاییان پێدێت، ناشبێ لەناوخاكی كوردستان بمێنن.
(کەرکووکی) ئەوەیشی خستە ڕوو، لەهەمانكاتدا هێزی پێشمەرگە بە چاوكراوەیی و ئامادە باشیەكی تەواو لە سەنگەرەكانی پێشەوەدان،  ئێمە خۆمان بۆ هەموو جۆرە هێرشێك ئامادە كردووە، تیرۆریستانیش بەهۆی شكستەكانیانەوە لە ناوچەكانی ژێردەستیان گەنجان بەزۆرەملێ دەكەن بە چەكدار، بەڵام توانای هێرشیان نەماوە و ناهێڵین بستێک بێنە پێشەوە".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار