حکوومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە کوردستانیان و گەلانی عێراق دەکات

ههولێر-KDP.info- له دوازەیهمین ساڵهی سەرکەوتنی گەلانی عێراق و ڕزگاربوونیان لە ستەمی دەستەڵاتی دیکتاتۆریدا، حکوومەتی هەرێم كوردستان ڕایدهگهیهنێ، عێراقی نوێ کە زادەی ڕەتکردنەوەی سیستمی تاکلایەن و خۆسەپاندن و لە پەراوێزنانی پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەیە، ئەو هیوایە بووە کە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق خوازیاری بوون؛ هیواخوازیشه، ئەم ئامانجە مەبەستی سەرەکیی هەموو لایەنەکان بێت بۆ فەراهەمکردنی دۆخێکی پڕ لە ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ گەلانی عێراق و، ئاسایش و سەقامگیریی سیاسى بۆ عێراق.
دهقی پیرۆزبایینامهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
ئەمڕۆ نۆى نیسان، کە دوازە ساڵ بەسەر سەرکەوتنی گەلانی عێراق و ڕزگاربوونیان لە ستەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا تێدەپەرێت، ڕۆژێکی گەش و پرشنگدارە لە مێژووی سیاسیی عێراقدا. عێراقی نوێ کە زادەی ڕەتکردنەوەی سیستمی تاکلایەن و خۆسەپاندن و لە پەراوێزنانی پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەیە، ئەو هیوایە بووە کە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق خوازیاری بوون.
هیوادارین ئەم ئامانجە مەبەستی سەرەکیی هەموو لایەنەکان بێت بۆ فەراهەمکردنی دۆخێکی پڕ لە ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ گەلانی عێراق و، ئاسایش و سەقامگیریی سیاسى بۆ عێراق.
لەم بۆنەیەدا گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان و گەلانی عێراق دەکەین و دڵنیاین کە سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، سەرکەوتنێکی دیکەی مێژوویی دەبێت بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانیانی گەلانی عێراق کە ئیرادەی لەبننەهاتووی مانەوە و خۆڕاگریی وڵاتەکەیانن لە دژی دیکتاتۆرییهت و تیرۆر.
ئهنجوومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
9-4-2015




