سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەڵێنێکی بە لیژنەی یاسایی دا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، داوامان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد کە واژۆی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و مەسیحیەکان پێوەست بە راپۆرتی پڕۆژەیاسایی دەستوور وەربگیرێت، پاشان راپۆرتەکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، ئەوانیش بەڵێنیان پێداین کە واژۆی ئەو دوو پێکهاتەیەش وەردەگرن.
ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد و سەرۆكی لیژنەی یاسایی (ڤالا فەرید ئیبراهیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ تەواوی نوێنەری لایەنەكان واژووی خۆیان لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی كرد کە پێوەست بوو بە راپۆرتی پرۆژەیاسای دەستوور تەنها نوێنەری دوو پێكهاتە نەبێت یەكیان توركمان بوو كە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتبوو، ئەوەی دیکەیان نوێنەری مەسیحیەكانە كە جەژنیان هەبوو، بۆیە دوامان كرد تا رۆژی یەكشەممە ئەگەر بكرێت راپۆرتەکە تێنپەڕێندرێت.
(ڤالا فەرید) دەیشڵێت، سەرۆكایەتیی پەڕلەمان داوای داوای کرد کە بە زووترین كات راپۆرتەکەیان بۆ بەرز بکەینەوە، ئێمەش بەرزمان كردەوە، بەڵام داوامان لە سەرۆكایەتیی پەڕلەمان كردووە كە ئەو پرسە پرسێكی نشتیمانییە بۆیە جەخت دەكەین ئەو ڕاپۆرتە لەلای خۆیان بهێڵنەوە تا واژووی پێكهاتەكانیش وەربگیرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەڵێنیان پێداین کە واژۆی ئەو دوو پێکهاتەیەش وەردەگرن و دواتر دەیخەنە بەرنامەی کارەوە.
نەشوان بەرزنجی




