راپۆڕتی پڕۆژەیاسای دەستوور واژۆ کرا

هەولێر-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، لیژنەی یاسایی ڕاپۆرتی پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی دەستووری بۆ راپرسی واژۆ کرد و، رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد؛ سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە دەستیان و، حەفتەی دادێ دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.
(شوان شێخ ئەحمەد) ئەندامی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنەی یاسا کۆ بوونەتەوە و، ڕاپۆرتەکەی پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی دەستووریان حازر کردووە؛ ئەگەرچی ھەندێکیان تێبینیان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە ھەبوو، بەڵام ئاخری هەرھەموویان واژۆیان کرد."
(شوان شێخ ئەحمەد)کە سەر بە فراکسیۆنی زەردە گوتیشی، ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیاساکەمان واژۆ کرد و، ھیچ تێبینییەکیشمان نەبوو.
(فەخرەدین قادر) سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕاپۆرتە گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بڕیارە حەفتەی دابێتەوە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
گوتیشی، ھەموو ئەندامان واژۆیان لەسەر ئەو ڕاپۆرتە کردووە، ئەمانەش نوێنەرایەتی ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




