داهاتی باج یەک دەخرێت

هەولێر-KDP.info-وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند کە، لە یەكخستنی داهاتەكانی باج لە هەرێمی كوردستاندا سەركەوتوو بوونە و یەك جۆر رێنمایی هەیە.
وەزارەتی داراییی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاو کردووەتەوە و، ڕوونوسێکیشی گەیشتووەتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان؛ وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە: "لەبەر زیادکردنی داهاتی گشتی، دەستمان كردوە بە چاكکردنی بواری سیستەمی باج.
(ڕێباز محەمەد حەملان) گوتوویشیەتی: "جێی شانازییە توانیومانە لەم هەرێمی كوردستانەی خۆماندا داهاتی باج یەک بخەین و، ئێستا یەك جۆر ڕێنمایی لە بواری باجدا پەیڕەو دەكرێت."
وەزیری دارایی و ئابووری ئەمڕۆ لە باڵەخانە نوێییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی باج و خانووبەرەی میریدا ئەو قسانەی کرد.
گوتیشی چاكسازییەکی وا لە سیستەمی باجدا دەکەین، خەڵکی هەژار بحەسێنەوە.
روونیشی كردەوە، دەبێت هەموو كۆمپانیاكان بە تایبەت كۆمپانیاكانی بواری نەوت، بە گوێرەی یاسا و ڕێنمایی، داهاتانە (باج)ی خۆیان بدەن، با هەرێمی کوردستان ئەوەندە پشت بە نەوت نەبەسێت؛ دیارە ئێستا 97% بوودجەی هەرێم لە فرۆشی نەوت دابین دەکرێت.
یەحیا سابیر




