قوتابخانەكانی چیای شنگال نایاسایین

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، جگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە قوتابخانە بۆ ئاوارەكانی شنگال بكاتەوە.
(عەبد یووسف) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "قوتابخانەکانی چیای شنگال ئەوانەیان بەبێ پرسی پەروەردەی هەرێم کراونەتەوە، لێیان ناگەڕێین و، دایاندەخەین. جگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەس هەقی نییە لەو دەڤەرەدا قوتابخانە بكاتەوە؛ دەڤەری شنگال سەر بە هەرێمی كوردستانە."
(عەبد یووسف) گوتیشی: "لەوەتی دەڤەری شنگال ڕزگار کراوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگالم ڕاسپارد قوتابییەكانی سەر چیای شنگال بەسەر بکەنەوە هەتا قوتابخانەیان بۆ بكەینەوە، بەڵام لەو سەرەتاوە گەلێ کەم بوون، بۆیە نەمانتوانی ئەو كات قوتابخانە بكەینەوە؛ وا دیسان ڕامسپاردووە و، وا سێ رۆژە قوتابییەکانی سەر چیای شنگال بەسەر دەکەنەوە هەتا قوتابخانەیان بۆ بکەینەوە؛ ئێمە وا حكوومەتین هێشتا قوتابخانەیەكمان پێ دابین نەکراوە، چۆن لایەنێكی نەدار 6 قوتابخانە دەكاتەوە و، كەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین دەكات! ئێمە بە گومانین لەو قوتابخانانە و، لێیان ناگەڕێین، ئاخر مێشکی قوتابیان دەشۆرنەوە. داوایش لە خاوەنی قوتابیان دەكەین منداڵەکانیان نەنێرنە ئەو قوتابخانانە، با دوایی پەشیمان نەبنەوە."
ڕابین شێروانی




