لە مەندەلی گرووپێک دروست بووە خەڵکی دەکوژن و ماڵان تاڵان دەکەن

دیالە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، بەتۆمەتی گەندەڵی پارێزگاری دیالە دراوەتە دادگا و رەنگە بەو ھۆیەوە لە کارەکەی دوور بخرێتەوە؛ گوتیشی، لە سنووری مەندەلی گرووپێک دروست بووە کە ئاڵای داعشیان پێیە، خەڵک دەکوژن و ماڵان تاڵان دەکەن و دەسوتێنن.
بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە شارەدێی مەندەلی گرووپێکی چەکدار دروست بوونە و ئاڵای داعشیان بە دەستەوەیە، تەقە لە ماڵان دەکەن و دەیانسوتێنن و تاڵانی دەکەن، جیا لەمە خەڵک دەکوژن و تاوەکو ئێستا لە چەند گوندێکی سنووری مەندەلی، زیاتر لە ١٠کەسیان کوشتووە و ژمارەیەکیشیان بریندار کردوونە، هەڵبەت راستە کە ئاڵای داعشیان بەرز کردووتەوە بەڵام، ئەو ناوچانە لە دەست تیرۆریستانی داعشدا نییە و ئەو گرووپە بەم دواییە هەڵتۆقیون."
دەربارەی دابینکردنی ئارامگایەک بۆ ئاوارەکانیش لەو دەڤەرە (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتی، "حەوت ملیار دینار تەرخان کرابوو بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک بۆ ئاوارەکان دروست بکرێت، بەڵام لەلایەن پارێزگارەوە گەندەڵی تێدا کراوە و نزیکەی سێ ملیار دیناری دیار نییە، ئەنجوومەنی پاریزگایش سکاڵایان تۆمار کردووە و کێشەکە چووەتە دادگا، لەئێستایشدا خەریکە تۆمەتی گەندەڵییەکی بەسەردا ساخ ببێتەوە و بڕیارە سەرۆکی ئەنجوومەن کە شیعەیە، لە شوێنی پارێزگار دابنرێت."
بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین راشیگەیاند: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەعدیە راگیراوە و، ئەوانەیشی کە گەڕابوونەوە ھاتوونەتەوە بۆ خانەقین و ژمارەیەکی زۆر کەمیان ماون، چونکە ھیچ خزمەتگوزاریەکی لێ نییە و خەڵکەکە ناتوانن لە سەعدییە بژین."
جەختیشی کردەوە لەوەی کە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی جەلەولایش هێشتا ھیچ بەرنامەیەک لە ئارادا نییە.
بڵند ئیبراھیم




