دووهەزار لاوی کورد چوونەتە نێو حەشدیشەعبییەوە.. مەلا هیشام مەندەلاوی: "یەکێتی تەنیا حیزبی کوردستانییە پاڵپشتی حەشدیشەعبییە"

خانەقین-KDP.info- بە گوتەی ئەندامە کوردەکانی نێو ڕیزەکانی حەشدیشەعبی، زیاتر لە دووهەزار لاوی کورد لە خانەقین، پێوەندییان بە ڕیزەکانی حەشدیشەعبییەوە کردووە؛ ئەمە جیا لەوەی کە، ژمارەیەکی زۆری دیکەی لاوی کورد لە شارەدێی مەندەلی و کوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەوە، چوونەتە ڕیزی گرووپە چەکدارە شەعبییەکانی عێراقەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی کە بە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستانیان ڕاگەیاندووە، زۆربەی کوردەکان لە سەربازگەکانی مونسوورییە، تاجی و ئەشرەف کردووە، مانگانە بڕی هەشتسەد و پەنجا هەزار دینار وەک مووچە وەردەگرن.
هەفتەنامەکە لە زاری (مەلا هیشام مەندەلاوی)ـیەوە کە کەسی نزیک لە حەشدیشەعبییە زانیاریی داوە کە، یەکێتی تەنیا حیزبی کوردستانییە پاڵپشتی حەشدیشەعبییە، ئەو بەڵگەیش بۆ ئەم قسەیەی دەهێنێتەوە و دەڵێت، لە کاتی جەنگەکانی ئامرلی و تەلەعفەر، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تەنیا لەیەن بوو کە ڕیگای دا بە تێپەڕبوونی هێزەکانی حەشدیشەعبی بەرەو ئامرلی و تەلەعفەر.
وەک زانراوە، ١١ کوردی نێو حەشدیشەعبی لە ناوچەی مکێشیفەی سەر بە شارۆچکەی سامەڕرا کوژراون.
شارەزا لە زانستە سیاسییەکان(ئەحمەد ئەرتەمیتی) باوەڕی وایە کە، بە هۆی لاوازیی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی ئینتیما بۆ نەتەوە، کەمتەرخەمیی حیزبە کوردییەکان، لاوانی کورد لەو ناوچانە چوونەتە ڕیزەکانی حەشدیشەعبی و گرووپە شەعبییەکانی عێراقەوە.
ئەو دەڵێ، دەبوایە حیزبە کوردییەکان سەرنجی لاوانی کوردیان بۆ خۆیان بردبا و بە کردنەوەی لیوایەکی تایبەت ئەوانیان کۆ کردبوایەوە.




