ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ: قوتابخانەكەی پەیەدە لە چیای شنگال، بیر و ڕای حزبی بڵاو دەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، قوتابخانەكەی پەیەدە لە چیای شنگال قوتابخانەیەكی حزبییە و، كادیرەكانی بەڕێوەی دەبەن و، وشەی شۆڤێنیانە و بیر و ڕای حزبی بڵاو دەكەنەوە، نەك خوێندنی مەنهەجێكی دیاریكراو. گوتیشی "كەس بۆی نییە بەدەر لە یاسا قوتابخانە بكاتەوە".
(ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ) سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جێگای داخە لە بری ئەوەی تەواوی هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بن، كەچی پەیەدە قوتابخانەیەك لە چیای شنگال دەكاتەوە كە لە راستیدا قوتابخانەیەكی حزبییە و كادیرەكانی بەرێوەی دەبەن و، وشەی شۆڤێنیانە و بیر و ڕای حزبەکەیان بڵاو دەكەنەو، نەك خوێندنی مەنهەجێكی دیاریكراو"، دەیشڵێ، "نابێ رێگایان پێ بدرێ لەم كارەیان بەردەوام بن، ئاخر نە بە دەستووری عێراق و نە لە لایەن ئیدارەی هەرێمی كورستانیشەوە رێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاساییشە. بۆیە ئێمە وەكو لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان ئەم قوتابخانە حزبییە رەت دەكەینەوە كە هیچ خزمەتێك بە كەرتی پەروەردە ناكات و، بۆ كەسیش نییە بەدەر لە یاسا قوتابخانە بكاتەوە."
(سمۆ) ئاماژەیشی دا، كە لە ئێستادا تەواوی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان قوتابخانەیان هەیە و خزمەت بە ئاوارەكان دەكەن، هەركاتێكیش ئەو ئاوارانە ناوچەكانیان پاك کرایەوە و بۆ سەر ماڵ و ژیانیان گەڕانەوە، ئەوا بەگوێرەی پلان، دەست دەكەین بە بونیاتنانەوەی كەرتی پەروەردە لە سەرجەم ناوچەكان."
سەرباز واحد




