٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبەر قسەی پەرلەمانتارێک، تورکیا 500ملیۆن دۆلار قەرزەکەی نەنارد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بەھۆی لێدوانێکی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دژی حکوومەتی تورکیا، تورکیا ئەو 500ملیۆن دۆلار قەرزەی ڕاگرتووە کە داویە بە ھەرێمی کوردستان و، داوای ڕوونکردنەوەی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.


(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ ڕۆژنامە توودەی‌زەمانی تورکیادا کە لە 'فەتحوڵا گولەن'ـەوە نزیكه‌ كردووه‌ و، گوتوویەتی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەندێک کۆمپانیا و، نێوانگێڕ ــ كه‌ مەبەستی تورکیا بووە ــ قازانجێکی زۆری لێ دەکەن و، لێی سودمەندن و، کەسیش نایەوێت ئاشکرایان بکات؛ ڕۆژنامەکەش ئەمەی کردووەتە مانشێت و، وای بڵاو کردووەتەوە کە تەنیا ئەردۆگان و دەوروبەرییەکانی لە نەوتی ھەرێم سوودمەندن؛ ئەوەیە حکوومەتی تورکیایش داوای ڕوونکردنەوە دەکات، تا بزانێ ئەمە ڕای حکوومەت و، پەرلەمانی کوردستانە یاخود بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە خۆیەتی.

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، بڕیار بوو چەند ڕۆژ لەمەوبەر تورکیا 500ملیۆن دۆلار قەرزەکەمان بۆ بنێرێت، بەڵام دیارە قسەکەی ئەو پەرلەمانتارەیش هەندێکی دی دوای دەخات، بەڵام هەر دەینێرن.
(شەعبان) ڕوونیشی کردەوە، جارێ تاکە ڕێگا بۆ فرۆشی نەوتی هەرێم، تورکیایە؛ کەوابوو با پەرلەمانتاران لەم قۆناغە هەستیارەدا به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و، به‌ جۆرێك لێدوان نه‌ده‌ن تا بە زەرەری کوردستان نەشکێتەوە و، بەینمان لەگەڵ وڵاتاندا سارد نەبێتەوە.


ئەوەشی خستە ڕوو،  پێویستە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوە بدەن بۆ ئەوەی بزانن ئەمە ھەڵوێستی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان نییە و، ڕای ئەو پەرلەمانتارە خۆیەتی.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار