٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوایان لە بەغدایە وەک هەرێم چاکسازی بواری مرۆڤ پێڕۆ بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و، شاندی میوان ڕایانگەیاند کە هەمیشە بە بەغدا دەڵێن وەک هەرێمی کوردستان چاکسازی لەبواری مافی مرۆڤ بکەن و پێڕۆی بکەن.
ئەمرۆ سێ  شەممە ٧/٤/٢٠١٥ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە لە بەڕێزان فرانسیسکۆ مۆتا نوێنەری کۆمیسیۆن لە عێراق و نەدیم عوسمان ئاگیچ بەرپرسی ئۆفیسی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان پێک هاتبوو.
لە دیدارێکدا کە (سۆران عومەر) سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ و شێخ شامۆ ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش لەوێ بوون، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و، ستاییشی ڕۆڵی ئەوانی کرد لە بایەخدان بە چاودێریکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەکوردستان و عێراقدا و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لەهەرێمی کوردستاندا هەموولا ڕژدین لەسەر ئەوەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەرەو باشتر ببەین و، سوپاسی هاوکاری و پشتیوانییەکەی کردن و، ڕایگەیاند  دڵنیاین بە هەماهەنگی هەموومان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو ڕەوشە بەرەو باشتر دەبەین.
هەر لە دیدارەکەدا (شێخ شامۆ) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش هات و داوای لێکردن لە ڕووی ناساندنی ئەو کارەساتە بە جینۆساید هاوکاری پەرلەمان بن، کە ئەم کەیسەی گەیاندووەتە دادگای لاهای و هیوای خواست پەرلەمانی عێراقیش هەمان هەنگاو بنێ بەتایبەتی کە بریارە کار بکرێت ڕۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێک بە یادێکی نیشتمانی بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی کارەساتی لەناوبردنی ئێزدییەکان بێتە ناساندن.
(فرانسیسکۆ مۆتا) نوێنەری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق سوپاسگوزاری خۆیانی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمە نیشان دا و ئەوەی خستە ڕوو بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق و ناوچەکەش ڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و،  هەرێمی کوردستان بووەتە نموونە لە ناوچەکە بە تایبەت لە بایەخدان و گەشەپێدانی کارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، دەرکردنی چەند یاسایەک لە پەرلەمان کە هاوکار و پشتیوانی بەرەوپێشچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بوون و هەمیشە لە دانوستانەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی بواری مافی مرۆڤ بە نموونە دەهێنینەوە و، داوایان لێ دەکەین پێنگاڤەکانی هەرێم لەمبارەوە پەیڕەو بکەن. تیشکیشی خستە سەر ئەو تاوانانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەیکات و، ئەوان بە ڕاپۆرت بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی مرۆڤ بەرزیان کردووەتەوە و، بە پێویستی زانی عێراق پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکەی ئەو جۆرە تاوانانە واژۆ بکات بۆ ئەوەی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ددانی پێدا بنرێ.
هەر لە دیدارەکەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو لا و دیداری هاوبەش لە هەموو ئاستەکان دووپات کرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار