داعش ١٥٠تەرمیان بەكۆمەڵ ناشت.. كۆشكی مەلیك فەیسەڵیش تەقێندرایەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت، تیرۆریستانی داعش كۆشكی (مەلیك فەیسەڵ)ـیان تەقاندەوە و چوار ئافرەتیشیان گوللەباران كرد. دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش ١٥٠تەرمیان تەرمی خۆیان بە كۆمەڵ ناشتووە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی دەنەدان لە سەنتەری شاری مووسڵ كۆشكی مێژوویی (مەلیك فەیسەڵ)ـیان تەقاندووەتەوە.
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ١٥٠ تەرمی خۆیان كە لە پزیشكی دادی مابوونەوە و بۆگەن ببوون لە ناوچەی شەلالات، بە بێ شوشتن و كفنكردن بە شۆفەڵ بەكۆمەڵ ناشتوون.
راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە بەرامبەر بینای پارێزگای مووسڵ چوار ئافرەتیان گوللەباران كرد، لەبەر ئەوەی رەتیان كردووەتەوە كە نیكاحی جیهاد بكەن.
بڵند ئیبراهیم




