٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی فراوانكردنی ئاوی ئیفراز ئەم مانگە دەكەوێتە كار

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی فراوانكردنی ئاوی ئیفراز لە قۆناخی تەواوبووندایە کە توانای پڕۆژەكە لە 6 هەزار مەتری سێجا لە هەر سەعاتێكدا بۆ 10 هەزار مەتری سێجا زیاد دەکات.

هەریەك لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار (نەورۆز مەولوود) و پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر (مەسعوود محەممەد)، پڕۆژەی فراوانكردنی ئاوی ئیفرازی چواری هەولێریان بەسەر كردەوە، كە بە یاوەریی ئەندازیارانی سەرپەرشتیار و جێبەجێكار لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكان بوون و، دڵنیا كرانەوە، كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا پڕۆژەكە دەكەوێتە كار و بڕی  4000 مەتری سێجا لە هەر سەعاتێكدا كە دەكاتە 96000 مەتری سێجا لە شەو و رۆژێكدا ئاوی زیاتر بۆ گەڕەكەكانی رۆژهەڵات و باكووری هەولێری پایتەخت دابین دەكات و، كێشەی كەمئاویی تێكڕای گەڕەكەكانی هەولێری نوێ و پڕۆژە تازەكانی وەبەرهێنان و قەرەبووەكان و ئاییندە و لاوان و شارەوانی و قەڵاتی نوێ و منارە و گەلاوێژ و پێنجی حەسارۆك و دەوروبەریان چارە دەكات.

كۆمپانیاكانی جێبەجێكار پێک‌هاتوون لە كۆمپانیاكانی (سەتەفە، تایلۆن و فرناس)ـی توركیایی و كۆمپانیای سەرپەرشتیار (خەتیب و عەلەمی) كە هاوكار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی، بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژە گرینگە لە كاتی خۆیدا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار (نەورۆز مەولوود) و پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، ستایشی وڵاتی (ژاپۆن)ـیشیان كرد كە 140 ملیۆن دۆلاریان وەكو قەرز بۆ بوودجەی تەواوی پڕۆژەكە و گۆڕین و دانانی تۆڕی تازەی ئاوی گەڕەكەكانی، كە ئەو پڕۆژەیە خزمەتیان دەكات بە درێژی 130 كیلۆمەتر، دابین كردووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار