کێشەى ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا نەماوە و، بەشەبوودجەی ھەرێم رەوانە دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەئێستادا ھیچ کێشەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا نەماوە و، لەمەودوا بەغدا مانگانە بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، چونکە بەشێکی ئەو کێشانەی ھەبوون چارە کراون.
ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان (بەیار دۆسکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە لەئێستادا ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٩٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئهمەش زیاد لەو رێژەیەیە کە بۆی دیاری کرابوو، چونکە بەپێی ئەو خشتەیەی بۆی دیاری کراوە، بە نەوتی خۆی و کەرکووک پێویستە ھەرێم رۆژانە ٥٥٠ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات.
(دۆسکی) گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەم مانگە ئاستی ناردنە دەرەوەی نەوتی خۆی بۆ ٦٠٠ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرز دەکاتەوە و، ئەو کات دەتوانێ قەرەبووی ئەو مانگانەش بکاتەوە کە کەمی ناردووە.
ئەوئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دهشڵێت، ھاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم ھەنگاوێکی باش بوو و لێکتێگەیشتنی باش ھەبووە لەبارەی کێشەکان، بۆیە لەمەودوا بەغدا بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، چونکە لەئێستادا ھیچ کێشەیەک نەماوە و رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لەئێستادا بەغدا ھیچ بیانوویەکى بۆ نەناردنی بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان بە دەستهوه نەماوە و پێویستە رەوانەى بکات.
بڵند ئیبراھیم




