گوتهبێژی سهرۆكایهتیی ههرێم: حەیدەر شەشۆ و هاوكارانی به ئاشكرا دەستگیر كراون.. دهدرێنه دادگا

ههولێر-KDP.info- دهربارهی حەیدەر شەشۆی بەرپرسی تاقمێكی چهكدار و چەند كەسێكی تر كه لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك بوون لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە، به شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەستگیر كراون، گوتهبێژی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان ڕایدهگهیهنێت كه، دەدرێنە دادگا، چونكه ئەوان سوور بوون لەسەر هەوڵەكانیان و تەحەددای دەستەڵاتی هەرێمیان دەكرد.
(د. ئومێد سەباح) له ڕاگهیێینراوێكیدا هاوكات ڕوونی دهكاتهوه، لە سەرەتای مانگی 2ـی ئەمساڵ ئاگادار كرانهوه كە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەستەڵاتی یاسا دروست بكرێت و، دوو مانگیش مۆڵەتیان دراوهتێ كە پێویستە هەتا سەرەتای مانگی 4ـی 2015 خۆیان یەكلایی بكەنەوە، ئەگەر مەبەستیان بێت كە خزمەتی شنگال و كوردستان بكەن دەتوانن بە شێوەیەكی فەرمی لە ڕیزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری بكەن و ڕێك بخرێن.
دهقی ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
دوای ئەوەی تاقمێك لە دەڤەری شنگال لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە سەرەتای مانگی 2ـی ئەمساڵ ئاگادار كران كە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەستەڵاتی یاسا دروست بكرێت و، دوو مانگ مۆڵەتیان پێ درا كە پێویستە هەتا سەرەتای مانگی 4ـی 2015 خۆیان یەكلایی بكەنەوە، ئەگەر مەبەستیان بێت كە خزمەتی شنگال و كوردستان بكەن دەتوانن بە شێوەیەكی فەرمی لە ڕیزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری بكەن و ڕێك بخرێن.
كەچی ئەوان سوور بوون لەسەر هەوڵەكانیان و تەحەددای دەستەڵاتی هەرێمیان دەكرد. لێرەدا ڕایدەگەیێنن بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت هێزی نایاسایی دروست بكرێت و سەرپێچیكارانیش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لەبەر ئەوە، حەیدەر شەشۆ بەرپرسی ئەم تاقمە و چەند كەسێكی تر بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەستگیر كراون و، دەدرێنە دادگا. كەسیش شوێنبزر نەكراوە و بە نهێنی دەستگیر نەكراوە.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
6ـی 4ـی 2015




