پێشمەرگە لە باشیک و فڕۆکە لە مووسڵ داعشیان کوتا

مووسڵ-KDP.info-فڕۆكە جەنگییەكان مۆلگەكانی تیرۆریستانی داعشیان لە چوار شوێنی مووسڵدا کوتاوە و، 50 تیرۆریستیان تێدا بردووە..هاوکات لە میحوەری باشیک پیشمەرگە پاشەکشەی زۆری بە داعشان کردووە.
سەعید مەموزینی بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14 (مووسڵ)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگە و پێگەكانی داعشیان لە شارەدێكانی گەیارە، شوورە، حەمامعەلیل و، حەزەر لە سنووری پارێزگای مووسڵ تێر بۆردومان كردووە."
مەموزینی ئاشكرایشی كرد: لەو بۆردومانەدا، لانی كەم 50 تیرۆریستی داعشان كوژراون و 40یشیان بریندار بوونە.
لەلایەکی دی، (حەمید ئەفەندی) بەرپرسی میحوەری باشیكی هێزەكانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند کە، لەسنووری میحوەرەکەیدا داعش یەکجار بەبارێکی خراپدا تێپەڕ دەبێ، ئاخر بۆیە ڕۆژانە پاشەکشە دەکەن، چونکە دەزانن ناتوانن لە بەرانبەر هیزی پێشمەرگەی قارەمان خۆیان ڕابگرن و وردەوردە شوێنەکە چۆڵ دەکەن.
(حەمید ئەفەندی)، دەیشڵێت وەها ڕیگەمان لە داعش گرتووە کە ناهێڵین هیچ کەلوپەلێکی سەربازیان پێ بگات و ئەو دەمەی کە دەشیانەوێ هێرش بهێنن توانای شەڕیان نەماوە بۆیە ئەوەی دێتە پێشەوە یەکڕاست دەیکوژین.
حەمید ئەفەندی دەڵێ، هەر لەو میحوەرەدا بە سەدان داعشمان کوشتووە و ئیدی بە جۆرەها شێواز لە بەرانبەریان وەستاوین، وەها ترسمان خستووەتە نێویانەوە و تەمبێمان کردوونە، هەر مەپرسە.
نەشوان بەرزنجی-هەژار مەموزینی




