٣٠هەزار ناسنامەی باری شارستانی بۆ خەڵکی مووسڵ دەرهێنراوە

مووسڵ-KDP.info- بەگوێرەی ئامارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە شێخان تا ئێستا ٣٠هەزار ناسنامەی باری شارستانی بۆ خەڵکی مووسڵ دەرهێنراوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی بە وەكالەت (هاشم بریفكانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەوەتی داعش مووسڵی گرتووە، ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ بڕیارمان داوە بە كردنەوەی بەڕێوبەرایەتییەكان لە ناوچە ئازادكراوەكان و، بەرێوبەرایەتی باری شارستانیمان لە شێخان كردەوە لە مانگی یەكی ئەمساڵ."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: "ئێستاش لە چەند شوێنێك لە ناوچە ئازادكراوەكان لقی ناسنامەی باری شارستانیمان كردووەتەوە، لەوانەش یەكیان لە ئەلقوش كە بۆ خەڵكی ئەلقوش و تلكێف و وانكێ دەبێت، ئەویتریش لە شارەدێی زیلكان دەبێت بۆ هاووڵاتیانی سنووری زێلكان و بەعشیقە. لقی زومماریش کراوەتەوە بۆ خەلكی ڕەبیعەوە و ڕیازیە و زوممار دەبێت و لەو شوێنانە ناسنامەی باری شارستانی دروست دەكرێت و، نوێ دەكرێتەوە چونكە زۆربەی خەلكی لە كاتی ئاوارەبوون ناسنامەی باری شارستانیان ون بووە بۆیە پێویستیەكی زۆربوو ئەو فەرمانگانە بێتە كردنەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە خەڵكی خۆمان بكرێت."
بریفكانی ئەوەشی باس كرد: "بە پێی ئەو ئامارەی بە ئێمە دراوە لە بەڕێوبەرایەتیەكە تا ئێستا 30هەزار ناسنامەی باری شارستانییان دەركردووە و، 20هەزاریان گۆڕیوە، وەكو (تەڵاقدراو، ئەوانەی شوویان كردووەتەوە) و، 10هەزاریان دروست كردووە بۆ ئەوانەی ناسنامەكانی خۆیان ون كردووە لە خەڵكی مووسڵ."
نەشوان بەرزنجی




