ڕێکخراوێک ٣هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەڵەبجە دروست دەکات

هەڵەبجە-KDP.info-بە مەبەستی پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی پارێزگای هەڵەبجە و خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانەكەی ڕێكخراوێكی عێراقی سێهەزار وارخان (یەكەی نیشتەجێبوون) و نەخۆشخانەیەكی 200قەرەوێڵەیی و، چەند خوێندنگایەكی نموونەیی لە هەڵەبەجە دروست دەکات.
(خدر كەریم) سەرۆکی 'شارەوان'ـی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ڕێكخراوی گەشەپێدانی عێراق، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كردووە بۆ ئەوەی لەوێیش وەک پارێزگاكانی دیكەی عێراق وارخان دروست بكەن، ئاخر هەڵەبجە پارێزگای 19هەمینی عێراقە و، وەك پارێزگایەكانی دی کاری بۆ دەكرێت."
گوتیشی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەو ڕێكخراوەدا گەیشتنە ئەو ڕێككەوتنەی كە ڕێكخراوی گەشەپێدانی عێراق سێهەزار وارخان و نەخۆشخانەیەكی 200قەرەوێڵەیی و چەند خوێندنگایەكی نموونە، بۆ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و سێ شارەدێیەکەی دەوروبەری دروست بكات؛ سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە زەوییەکەیان بۆ دابین کردووە."
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئەوەشی خستە ڕوو دوای تەواوبوونی ئەو وارخانانە بە گوێرەی پلەبەندی بەسەر خێزانی پێشمەرگە شەهیدەكان و كرێنشینان و دەسکورتەکاندا دابەش دەكرێت، كە ئەوەش كاریگەرییەکی باشی دەبێت لە بووژانەی ژێرخانە ئابوورییەکەی پارێزگای هەڵەبجە و، هاوكاریكردنی كەمداهاتانی دەڤەرەکەدا.
ئاسۆ عەلی




