حەفتەی دادێ قوتابیانی تواناسازی پارەیان بۆ خەرج دەکرێ

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری قوتابیان دەڵێ، سەرەتای حەفتەی دادێ دەست دەکرێت بە خەرجکردنی پارەی قوتابیانی تواناسازی.
(نەزهەت ساڵح) ڕاوێژكاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری قوتابیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چوارملیۆن دۆلار بۆ قوتابیانی تواناسازی خەرج دەكرێت، لیستی پارەی قوتابیانیش ئامادەیە و، لیست بە لیست لە سەرەتای حەفتەی دادێ دەست بە خەرجكردنی پارە و هەقەکەیان دەكەین."
(نەزهەت ساڵح) دووپاتی كردەوە لە مانگی ئابی 2014 هیچ بڕە پارەیەكی قوتابیانی تواناسازی خەرج نەكراوە، گوتیشی: "پارەی زۆری قوتابیان قەرزارین بۆیە پێویستمان بە نزیكی 10ملیۆن دۆلاری ترە، بەرپرسانی حكومەتیش بەڵێنیانداوە پارەی زیاترمان بۆ دابین بكەن تاوەكو پارەی كرێ و مافی قوتابیان لە زانكۆكانی دەرەوە خەرج بكەین بۆ پڕۆژەی تواناسازی."
لە پڕۆژەی تواناسازیدا لە ٤٢٠٠ قوتابی ماستەر و دكتۆرا، تاوەكو ئێستا ٣٢٠٠ قوتابی ڕەوانەی دەرەوە كراون.
یەحیا سابیر




