گەندەڵیی گەورە لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هەیە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەرفراوانە و گەندەڵیی گەورەی تێدا ڕوو دەدات، لە ئێستادا چەندین كەیسی گەندەڵی لە نووسینگەی پشكنەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هەن و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستییش هەماهەنگییان كردووە، لیژنەیەكی تایبەتیشیان پێك هێناوە بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دەربخەن.
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (فارس بریفكانی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی تەندروستیی عێراق زۆر گەورەیە و بواری تێدایە گەندەڵی گەورەی تێدا ڕوو دەدات، ئێمە وەكو لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی گەندەڵیمان لە زۆر شوێنەوە بۆ دێت و لێكۆڵینەوە لە هەموویان دەكەین و بڕیاری خۆمان لەسەر كەیسەكان دەدەین. لە ئێستادا چەندین كەیسی گەندەڵی لە نووسینگەی پشكنەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هەن و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستییش هەماهەنگیمان كردووە و هەردوولامان لیژنەیەكی تایبەتمان پێك هێناوە، بۆ ئەوەی لەو كەیسانە بكۆڵنەوە و ڕاستییەكان دەربخەن".
(بریفكانی) گوتیشی: "لیژنەیەكیشمان پێك هێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەر بریارێكی وەزارەتی تەندرستی و گرێبەستەكانی كڕینی دەرمان و ئامێرەكان و دروستكردنی باڵەخانەكان و كۆمپانیا تەندروستییەكان، ئاخر گرێبەست هەیە بای سەدان ملیۆن دۆلارە و پارەی باشیشی لێ بەهەدەر دەڕوات".
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی دەشڵێت: "ئەندامانی لیژنەكەمان سەردانی هەموو پارێزگاكانی عێراق دەكەن بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی فەرمانگە و دامودەستگا تەندروستییەكان، لە كاتی بینینی هەر كەموكوڕی و گەندەڵییەكیش، دەست بە چارەكردنیان دەكرێ و هەوڵی جیدیی بۆ دووبارەنەبوونەوەیان دەدرێت".
سەرباز واحد




