٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەباس غەزالی: لە هەوڵداین ئەو خۆراكانەی لەسەر خوانی ماڵان دادەنرێن، زۆربەیان خۆماڵی بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی ‌پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "سندووقی بیمەی كشتوكاڵی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئێمەیش كۆبونەوەمان كردووە ‌و كاركردن تێیدا لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە بۆ ئەوەی بخرێتە كار".

ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان (عەباس غەزالی) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستاندا بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی زانستی و دابەشكردنی بەروبووم لە بازاڕەكان و بەبازاڕكردنیان تەگەرەن و جووتیاران تووشی زیان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەیش سندووقی بیمەی كشتوكاڵی دروست دەكرێت، كە لە ئێستادا لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئێمەیش كۆبونەوەمان كردووە ‌و كاركرندن تێیدا لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە بۆ ئەوەی بخرێتە كار".

گوتیشی: "لەو سندووقەدا سەرجەم جووتیاران دەتوانن بەشداری بكەن و ئەو جووتیارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان زەرەرمەند دەبن، لە رێگای ئەم سندووقەوە قەرەبوو دەكرێنەوە، بەم شێوەیەیش برەو بە بواری كشتوكاڵ دەدرێت".

(غەزالی) هەروەها ئاماژەی دا: "كەرتی كشتوكاڵ و ئاساییشی خۆراك بەشێكە لە ئاساییشی نەتەوەیی، بۆیە لە هەوڵداین ئابوورییەكی سەربەخۆمان هەبێت و ئەو خۆراكانەی لەسەر خوانی هەر ماڵیكی كوردی دادەنرێت، زۆربەی هەرە زۆری خۆماڵی بێت، بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستیمان بە پشتگیریی هەمەلایەنەی كەرتی كشتوكاڵ هەیە".

پێشتر بە هۆی‌ قەیرانی‌ دارایی هەرێمەوە، قەرەبووكردنەوە‌ و تەرخانكردنی‌ بوودجەی‌ پێویست بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان وەستابوو، بۆ دۆزینەوەی‌ ڕێگەچارەیەك بۆ دروستنەبوونی‌ ئەو كێشە و گرفتانەیش، لیژنەی‌ كستوكاڵ‌ و ئاودێریی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لە هەوڵی‌ دروستكردنی‌ سندووقێكی‌ بیمەی‌ كشتوكاڵیدایە.

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار