سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵدا کۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبارەی دەستور و ویلایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ھەر یەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بکەن و ھەر ئەم ھەفتەیەیش لەگەڵ یەکێتی و گۆڕانیشدا کۆ ببنەوە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان(فەخرەدین قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەی دایانناوە بۆ سەردانی لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستور و ویلایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیارە ئەمڕۆ وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بکەین و، ھەوڵ دەدەین ھەر لەم ھەفتەیەدا سەردانی سلێمانی بکەین و لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیشدا کۆ ببینەوە."
(فەخرەدین قادر) گوتیشی، "هەرچەندە کە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا کۆ بووینەوە وەکو سەرۆکی ھەرێم بوو، کە هاوکات سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستانیشە، بەڵام سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش دەکەین."
سەبارەت بە ھەڵوێستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسانە، (قادر) گوتی، "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمە ھاوڕا بوو کە، بە جیددی کار لەسەر دەستوور بکرێت و باسی لەوەش کرد، خۆی لەگەڵ مەکتەب سیاسیی پارتیدا کۆ دەبێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




