ڕەنگە بە ھاتنی عەبادی زۆر کێشە چارە بکرێن
__2015_04_05_h20m25s30__LB.jpg)
بەغدا-KDP.info- بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیارە سبەی دووشهممه سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و، لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ھەرێمیش کۆ بێتەوە، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا دەڵێ، ئەو سەردانە گرینگە و، ڕەنگە زۆر پرسی ھەڵپەسێردراوی نێوان ھەردوو لایەن یەکلایی بکرێنەوە.
(موحسین سەعدوون) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گرینگە بۆ ھەردوو لا، چونکە کۆمەڵێک پرسی ھەڵپەسێردراو ھەن و پێویستە یەکلایی بکرێنەوە، لەوانە پرسی نەوت و، شەڕی داعش، لەبەر ئەوەی پێویستە ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوو لایەن ھەبێت."
(موحسین سەعدوون) گوتیشی، ''جگە لە زیادبوونی متمانە لەنێوان ھەردوو لایەن، گەشبینم بتوانن زۆر کێشە چارە بکەن و ڕێک کەون.''
بەپێی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق بڕیارە سبەینێ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و، لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ھەرێمدا کۆ ببێتەوە.
هاوکات (سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان گرینگی خۆی هەیە و هێمای ئەوەیە (حەیدەر عەبادی) نایەوێت هەڵەی حكوومەتەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و، ئەو سەردانەیش زیاتر لە بەرژەوەندیی (عەبادی) و حكوومەتەكەیدایە، كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیشدایە، پێویستیش بوو بێتە هەرێمی كوردستان، چونكە چەندین جار شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووە، ئەگەر سەردانی هەرێم نەكات دەكەوێتە بەر ڕەخنە.''
گوتیشی: ''ئۆمێدەوارین ئەو سەردانە زیاتر ببێتە هۆی ئەوەی هەست بە واقیعی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات، كە حكوومەتەكانی ڕابردوو بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕی، هەروەها هەنگاوێك بێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی ئەو كۆسپ و تەگەرانە نەمێنن كە هەندێك كەس نابەرپرسانه هەڵسووكەوتیان دەكرد.. ئۆمێدەوارین ئەو سەردانە ببێتە هۆی زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و جێبەجێكردنی ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوان هەر دوو لادا هەن."
بڵند ئیبراھیم- ڕابین شێروانی




