٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە تاوانەکەی کەوتنی مووسڵدا، هەر مالیکی ماوە لێی بکۆڵنەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-(شاخەوان عەبدولڵا) جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ ئاشكرای کرد گشت ئەو کەسانەی کە ڕەنگە خەتایان بووبێت، لێمان کۆڵیونەتەوە، تەنێ مالکی ماوە، ئەویش داوا کراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی ئاساییش‌وبەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە  كەوتنی مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەموو ئەو كەسانەی گرنگ بوون بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكەین بانگ كراون؛ ئەوەی گرینگ بوو (مەهدی غەراوی و عەدنان ئەسەدی) بوون كە مابوون، ئەوانیش بانگ كران، (سەعدوون دلێمی) كە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە ماوە."
ئەو جێگرەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ گوتیشی: "بە گوێرەی ئەو وتانە كە وەرگیراون ناوی (نووری مالیكی) لە زۆر شوێن هاتووە، بۆیە من نووسراوێكم ئاراستەی سەرۆك كرد بۆ ئەوەی بانگهێشت بكرێت و، پێم وایە لە حەفتەی ئایندە ئەو نووسراوەی من دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی بانگ بكرێت، بەو پێیەی سەرۆكی هێزە چەكدارەكان بووە، دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەی خۆی بدات لەسەر هۆكاری ڕووخانی مووسڵ و دەستنیشانكردنی ئەو فەرماندە شكستخواردووانەی كە دواجار بەرهەمەكەی ئەوە بوو تیرۆریستانی داعش دروست بووە."
(شاخەوان عەبدولڵا) ئاماژەی بەوەش كرد: "دوای هەموو ئەمانە ڕاپۆرتی كۆتایی خۆمان ئامادە دەكەین و، بتوانین ڕاپۆرتێك بێت كە هەموو گەلانی عێراق چاوەڕێی دەكەن كێ‌ تاوانباری ڕاستەقینەیە و، تێدا ئەو كەسانەی بە ڕای لیژنەكە تاوانبارن دەستنیشان دەكرێن جگە لەوەش چەندین بەڵگە و دۆكیۆمینت گەیشتووەتە دەست لیژنە لێكدانەوەی بۆ دەكرێت لەگەڵ ڕاستیەكان دەگونجێنرێت پاشان لەنێو ڕاپۆرتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت."

تیرۆریستانی داعش لە نۆیەم شەوی مانگی حوزەیرانی پارەوە، ئەوە حەفت مانگە پارێزگای مووسڵیان داگیر کردووە؛ خەڵکێکی زۆریش ئاوارە بوونە.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار