سیاسەتی حكوومەتی هەرێم لە هەناردەكردنی نەوتدا سەری گرتووە

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان دەڵێ، حكوومەتی هەرێم زۆر سەركەوتوو بووە لە سیاسەتی هەناردەكردنی نەوت؛ ئەوەتا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بری 500هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و، تا ئاخروئۆخری ئەم مانگە دەیکاتە 600هەزار بەرمیل.
(بەیار دۆسكی) ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان بەردەوام پابەند بووە بەو ڕێكەوتنە نەوتییەی كە لەگەڵ بەغدا واژۆی كردووە، ئەو بڕە نەوتەی كە لە هەناردەی نەوتی هەرێم كەمی كردبوو لە مانگەكانی رابردوودا بۆ هۆكاری تەكنێكی دەگەڕایەوە، بۆیە حكوومەتی هەرێم بەو پەڕی توانا پابەند بووە، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بڕی 500هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و، تا ئاخری ئەم مانگە دەیگەیێنێتە 600هەزار بەرمیل، كە دەسكەوتێكی زۆر گەورەیە. مادامەکینێ هەرێم ئاوەها بە ڕێککەوتنەکەوە پابەندە، بەغدایش دەبێ پابەند بێت بە ڕێكەوتنەكەوە و مووچەی فەرانبەران و بوودجەی هەرێم بە تەواوەتی و بەبێ دواكەوتن بنێرێت."
(بەیار دۆسكی) ئاماژەیشی دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتوو بووە لە سیاسەتی هەناردەكردنی نەوتدا؛ بەو مەبەستەش مافە دەستووری و یاساییەكانی خۆی بەكار هێنا و، بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری مامەڵەی لەگەڵ كێشە و پێشهاتەكاندا كرد؛ ڕێکكەتنە نەوتییەكەی هەرێم و بەغدا سوودی بۆ هەردوو لا هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە بەغدا بە تەواوەتی پابەند بێت و مافی هەرێم پێشێل نەكات.
سەرباز واحید




