نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا دەستنیشان کرا

هەولێر-KDP.info-بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم کوردستان (دارا بەکر ساڵح) کرا بە نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا.
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کارگێڕی لە پۆستی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمانی ژمارە ٢٤٠٦ لە ڕۆژی ٣٠/٣/٢٠١٥ بڕیاری دا لە شوێنی خاتوو (خەمان زرار) نوێنەری پێشووی حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا، (دارا بەکر ساڵح) بکاتە نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە.
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حکوومەت، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "وەک پابەندبوونێک بە بنەمای کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردن لە پۆستەکانی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەو لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بە زیاتر بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندنی دارا بەکر ساڵح وەک نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا."
بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت گوتی ئێمە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی لە دارا بەکر ساڵح نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا دەکەین و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە تازەکەیدا بۆ دەخوازین و پشتگیری تەواوی دەکەین بۆ سەرکەوتنی لەم ئەرکەی پێی سپێردراوە.
هاوکات فەلاح مستەفا وێڕای سوپاس و دەستخۆشی، ئاماژەی بە ڕۆڵی خاتوو (خەمان زرار) كرد كە پێشتر وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فەرەنسا ڕۆڵی خۆی بینیوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ حکوومەت و پەڕلەمان و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا.




