مەسروور بارزانی: پێویستە پێکهاتەی سەرەکیی رزگارکەری مووسڵ، لە خەڵکی مووسڵ بێت.. نوجەیفی: پێشمەرگە بە رەفتار و هەڵسوکەوتیان دڵی خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکانیان بە دەست هێناوە

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) لە پێشوازیی پارێزگاری مووسڵ (ئەسیل نوجەیفی)دا رایگەیاند، دەبێت جەنگی دژی تیرۆریستان ببێتە جەنگی بەرەی خێر و، بەرانبەر بە بەرەی تاریکی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت؛ راشیگەیاند، پێویستە پێکهاتەی سەرەکیی هێزی رزگارکەری مووسڵ لە خەڵکی خۆجێی مووسڵ بێت.
ئەمرۆ یهكشهممه 5/4/2015 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) پێشوازیی لە (ئەسیل نوجەیفی) پارێزگاری مووسڵ کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا پارێزگاری مووسڵ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە کە لە چەند مانگی رابردوودا قارەمانانە و بە گیانبەختکردن، توانییان شکستی گەورە بە تیرۆریستان ببهن و ناوچەیەکی بەرفراوان رزگار بکەن.
(نوجەیفی) ئاماژەیشی دا کە، هێزی پێشمەرگە بە رەفتار و هەڵسوکەوتیان دڵی خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکانیان بە دەست هێناوە و ئەمەیش ئومێدی زیاتری بەخشیوەتە خەڵکی پارێزگای مووسڵ، بۆ ئەوەی لە داهاتووی خۆیان لە قۆناخی دوای رزگار کردنی مووسڵ دڵنیا بن.
ههر لە میانەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر بابەتی پێویستیی هەرچی زووتر رزگارکردنی خەڵکی مووسڵ لە چنگی تیرۆریستان کرا و، پەیوەست بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییش ئاماژەی دا، پێویستە پێکهاتەی سەرەکیی هێزی رزگارکەری مووسڵ لە خەڵکی خۆجێی مووسڵ بن و دەبێت چ لە میانەی پرۆسەی رزگاری و چ لە دوای ڕزگاركردنی شارەکە، پلانی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییانی بێتاوان و سڤیل هەبێت.
لای خۆیهوه (نوجەیفی) جەختی کردەوە کە، نابێت هەلەکانی پێشوو لە پارێزگای مووسڵدا دووبارە بکرێنەوە و، بهڵكه دەبێت ئیدارەی خۆجێیی مووسڵ بەهێز و کاراتر بکرێت و، بۆ ئەم مەبەستەش باشترین رێگا هەماهەنگی و هاوکارییە لەگەل هەرێمی کوردستان.
له بهرانبهردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمیش گوتی، دەبێت جەنگی دژی تیرۆریستان ببێتە جەنگی بەرەی خێر بەرانبەر بە بەرەی تاریکی و هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت،.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر کردەوە لەپێناو گەراندنەوەی ئاساییش و ئارامی بۆ ناوچەکە.




