چوارشەممە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان راپۆرت لەبارەی دەستوورەوە ئامادە دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەکەیان بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای میکانیزمی کارکردن لەبارەی دەستوورەوە کۆ ببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ چوارشەممەی دادێ دواخرا.
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان(شوان شێخ ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دواخستنی کۆبوونەوەکەیان پێوەندی بەوەوە هەبوو کە، ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا کۆ بووەوە و، داوا کرا دوو رۆژی دیکە کات بدرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بکرێت، چونکە بڕیارە سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەردانی لایەنەکانی دیکەیش بکات."
(شوان شێخ ئەحمەد) گوتیشی، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، لیژنەکەی ئەوان کۆ ببێتەوە و، تێدا راپۆرتی خۆیان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە ئامادە بکەن و، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن.
شیاوی گوتنە، لە كۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەماندا کە بەرلە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ساز درا، پرسی دەستوور و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم خرانە بەر باس و، جەخت كرایەوە كە، پێویستە لە هەموو دۆخێكدا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا پرسی دەستوور و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم خرایە بەر باس و، وێڕای ئاماژەدان بەو تەحەدیانەی لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە جەخت كرایەوە كە، پێویستە لە هەموو دۆخێكدا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
كۆبوونەوەكە ئەوەیشی دووپات كردەوە كە چارەكردنی كێشەكان پێویستە لە ڕێی كۆدەنگیی نیشتیمانی و ڕەچاوكردنی بنەماكانی یاسا و، بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێت.
(شوان شێخ ئەحمەد)ـیش کە لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، ڕوونی کردەوە، "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین، پێویستە دەستوور سازانی لەسەر بکرێت، ئەوکات لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




