هۆزەکانی ئەنبار بەشداریی حەشدیشەعبی لە ڕزگارکردنی شارەکەیان ڕەت دەکەنەوە

هەولێر--KDP.info سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار(فالح عیساوی) دەڵێ، بەشداریی حەشدیشەعبی لە ڕزگارکردنی ئەنبار پرسێکە پێوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکە ئەوە هۆزەکانەوە هەیە و ئەنجوومەنی پارێزگاکە وەها بڕیارێکیان بە دەست نییە.
(فالح عیساوی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ڕەتکردنەوەی بەشداریی حەشدی شەعبی لە ڕزگارکردنی ئەنبار پێوەندیێکی بە ئێمەوە نییە، ئەرکی ئێمە تەنیا پڕچەککردنی پۆلیسی پارێزگاکەیە"، ئاماژەیشی دا، "هاتن و چوون و بەشداریی حەشدیشەعبی وابەستەی هۆزەکانی ئەنبارە و ئێمە بۆ ئەم پرسە خاوەن بڕیار نین."
(شێخ عومەر دلێمی) کە سەرکردەیەکی گرووپە چەکبەدەستەکانی هۆزەکانە و هاوشانی هێزە ئەمنییەکان دژ بە داعش دەجەنگێت، دەڵێ، هەڵسوکەت و مامەڵەی حەشدیشەعبی لە ئازادکردنی شاری تکریتدا، دوورە لە ڕەوشتی سەربازی."
ئەو هەروەها گوتی، "ئەوەی کە حەشدیشەعبی کردی، دزی و تاڵان و سووتاندنی موڵکی گشتی، وای لێکردنی بە حیساباتی خۆماندا بچینەوە لەوەی کە، لە ئازادکردنی ئەنباردا حەشدیشەعبی بەشداری پێنەکەین"، چونکە وەک ئەو دەڵێ، مامەڵەکەیان زۆر پرسیاری گەورەی لەسەر حەشدیشەعبی دانا.
زۆرێک لە گرتەوی ڤیدیۆیی و وێنە، لە کاتی ئازادکردنی شاری تکریتدا بڵاو بوونەوە و نیشانی دەدەن کە، چەکداری نەناسراو، ماڵ و مڵکی دانیشتوانەکەی تاڵان دەکەن و دەسووتێنن. سوننەیش پەنجەی تۆمەت بۆ حەشدیشەعبی ڕادەکێشن و بەرپرسارەتیی ئەو ڕووداوانەیان دەخەنە ئەستۆ.




