٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاوارەکانی زوممار، %٩٠ زیاتریش گەڕاونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەڵێ، نۆ بەشی خەڵكی زوممار گەڕاونەتەوە، واتە زۆربەی زۆری خێزانە كوردەكان گەڕاونەتەوە شارەكە و، ئەوانی دیکەیش وا دەگەڕێنەوە؛ بەشێك لەو خەڵکەی نەگەڕاونەتەوە عەرەبن و، بەگەڵ داعشان کەوتوونە.
(موزاحم سەعدون) بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دەڤەری زوممار و، زوممار خۆیشی ژیان تەواو ئاسایی بووەتەوە، هاووڵاتیان گەڕاونەتەوە و، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاو و كارەبا و قوتابخانە و نەخۆشخانەی بۆ دابین کردوونە."
گوتیشی، بە داخەوە حكوومەتی ناوەند هیچ هاوكارییەکی نەكردووین و شەڕ زومماری کاول کردووە؛ نە ژێرخانی ئابووری ماوە نە خزمەتگوزاری،  دەبووایە حكوومەتی عێراقیش وەك حكوومەتی هەرێم دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەكەی درێژ كردبایە.
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار، ئاشكراشی كرد، داعش زیانێكی زۆری لە زوممار داوە و، خەڵكی ناوچەكەی تووشی زیانێكی زۆر كردووە، ئێمە دەستمان کردووە بە كۆكردنەوەی زانیاری تا بزانین كێ زەرەرمەند بووە، بۆ ئەوەی کەینێ پێمان کرا، قەرەبوویان بكەینەوە.
ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار